مەسعود بارزانی:بەبێ بەشداریکردنی پێکهاتە ئاینی و نەتەوە کەمینەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەین
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەبێ راستکردنەوەی هەڵەکەی دادگای فیدڕاڵی و بەبێ بەشداریکردنی پێکهاتە ئاینی و نەتەوە کەمینەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەن.
بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ پاتریاك مارئاوای سێیەم پاتریاكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز) کۆبۆوە.
لە کۆبونەوەکە پاتریاك مارئاوای سێیەم سوپاسی مەسعود بارزانی كرد بۆ ئەو هەڵوێستەی لەسەر بڕیاری نادەستووریی دادگەی فیدڕاڵ بۆ نەهێشتنی كۆتایی پێكهاتەكان و ڕایگەیاند، هەڵوێستی مەسعود بارزانی نیشانەیە بۆ تێڕوانینێكی مرۆڤ دۆستانە و پەرۆشی و وەفایە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی لە هەرێمی كوردستان و عێراق.
هەر لەو کۆبونەوەیە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بە بێ ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵەیەی دادگای فیدڕاڵی و بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادە نین بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، چونكە بێبەشكردنی پێكهاتەكان لێدانە لە بەها مێژووییەكانی گەلی کوردستان.