روانگەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی ئێران تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دژی زیندانیان
روانگەی مافی مرۆڤ لە نوێترین راپۆرتیدا ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ئێران وێڕای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی کۆتایی ئێران کە بە "ژن، ژیان، ئازادی" ناوبرا، ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسییان بۆ سەر دەستگیرکراوەکان ئەنجامداوە.
ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو (22ـی نیسانی 2024)، بڵاویکردەوە، "دەستدرێژی سێکسی توند لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە وەکو شێوازێک لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە بەرانبەر نەیارەکانی دەسەڵات بەکاریهێناوە".
لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران کە بە گیان لەدەستدانی کچە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، لەوکاتەوە و دوای ئەوەش چەندین ڕاپۆرت و بەڵگەنامەی ئەشکەنجە، دەستدرێژی سێکسی و ئازاری جەستەیی لەلایەن ئەفسەرانی ئەمنی و سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی خۆپیشاندەران بڵاوکرانەوە.
ڕوانگەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیدا ڕایگەیاندووە، بە تایبەتی لێکۆڵینەوە لە دەستدرێژیکردنە سەر 10 زیندانی لەمانە کە کەمینە کورد و بەلووچ و ئازەرییەکان تێیدا نیشتەجێن، لە حەوت لەو حاڵەتانەدا دەستگیرکراوان ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەشکەنجە دراون تا دانپێدانانیان لێوەربگیرێت.
ئەم ڕێکخراوە هەروەها باس لەوە دەکات کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژنێکی بەلوچ لەو قوربانیانە کردووە کە نەک هەر ڕووبەڕووبونەوەی ئەشکەنجەی جەستەیی بووە، بەڵکو لەگەڵ دوو ژنی دیکە لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردن لە سیستان و بەلووچستان بووە و لەلایەن ئەفسەرانی ئەمنیەوە "لێیدراوە" و "دەستدرێژی سێکسی" کراوەتە سەر.
ئەم ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتەکەیدا گێڕانەوەی دیکەی ژن و پیاوی ناڕازیی کورد، بەلووچ و ئازەری کە لە کاتی دەسبەسەرکردنیان لە سیستان و بەلوچستان، کرماشان، و پارێزگاکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کودستانی بڵاوکردەتەوە کە لە لایەن ئەفسەرانی ئەمنیەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر.