ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کۆنترۆڵ کرا
پارێزگاری هەولێر کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێری ڕاگەیاند.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای کەوتنەوەی ڕووداوی ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، چەند بریندارێک هەیە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەڵام خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان لە ڕووداوەکە نییە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر هێل بووە و نیگەرانی خۆی نیشانداوە لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی شاری هەولێر و بڕیاریشدرا لە بەدواداچوون بۆ هۆکارەکان و ڕێگریکردن لە حاڵەتی لەو شێوەیە بەردەوام بن.
هاوکات پارێزگاری هەولێر باسی لەوەشکرد، هۆکاری تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بەهۆی کەمتەرخەمیی کاسبکارانە کە دوکانەکانیان داناخەن و پەردە بەسەر کەلوپەلەکانیاندا دەدەن، بۆیە لەسەر ڕێکارەکان بەردەوام دەبین بۆ ڕێکخستنی دوکانەکان.
لەبارەی قەبارەی زیانەکان، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەکرد، لێكۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەکرێت و قەبارەی زیانە ماددییەکانیش دەخەمڵێندرێت و دواتر ئاشکرا دەکرێت.