یاریدەدەری پێشووی داواکاری گشتیی ڕژێمی ئێران دوای چەندین ساڵ بەندکردن ئازدکرا
سکرتێری ستافی مافی مرۆڤی دەزگای دادوەری ئێران ڕایگەیاند: حەمید نووری کە پێنج ساڵە لە سوید دەستگیرکراوە، ئازادە و چەند کاتژمێرێکی تر دەگەڕێتەوە ئێران.
کازم غەریب ئابادی، سکرتێری ستافی مافی مرۆڤی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە تویتێکدا نووسیویەتی: حەمید نووری کە لە ساڵی 2019ەوە لە سوید دەستگیرکراوە، ئازادبوو و دوای چەند کاتژمێرێک دەگەڕێتەوە ئێران.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم سەرکەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی هاوکارەکانم لە دەسەڵاتی دادوەری و وەزارەتی ئیتلاعات و وەزارەتی دەرەوە بەتایبەت برای شەهیدم دکتۆر ئەمیر عەبدولڵاهیان، کە وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران بووە.
حەمید نووری کێیە؟
حەمید نووری ناسراو بە "حەمید عەباسی"، یاریدەدەری پێشووی داواکاری گشتیی ڕژێمی ئێران لە گەوهەردەشت، بە دوو تاوانی سەرەکیی شەڕ و کوشتنی بەئەنقەست لە سوید دادگایی کرا.
ناوبراو لە ساڵی 2019 بەهۆی بەشداریکردن لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانییانی سیاسی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا و لە پارێزەرەکانی حکومەتی ئێران داوای دادگای پێداچوونەوەیان کرد.
دادگای پێداچوونەوە لە سوید، دوای پشتڕاستکردنەوەی حوکمی هەتاهەتایی حەمید نووری ڕایگەیاند، هەڵسەنگاندنی ئێمە ئەوەیە کە ئەو دۆسییەیە لەلایەن داواکاری گشتییەوە بەهێز و جێگەی متمانەیە و دادگا سەبارەت بە تۆمەتە هەڵبەستراوەکان بەڵگەی پێویستی لەبەر دەستدایە.
لە کۆتایدا سکرتێری ستافی مافی مرۆڤی دەزگای دادوەری ئێران ئەمرۆ ڕایگەیاند،حەمید نووری کە پێنج ساڵە لە سوید دەستگیرکراوە، ئازادکراوە و چەند کاتژمێرێکی تر دەگەڕێتەوە ئێران.