کونسوڵخانەی گشتیی وڵاتی قەتەر لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان کرایەوە
ئەمرۆ یەکشەممە (26ـی ئایاری 2024)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی ھەرێمی کوردستان بە یاوەری ئەحمەد ئەلحەمادی ئەمینداری گشتی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بۆنەیەکی فەرمیدا کونسوڵخانەی گشتیی وڵاتی قەتەر لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستانیان کردەوە.
مەسرور بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر ڕایگەیاند، دەکرێت سوود لە ئەزموونی دەوڵەتی قەتەر وەربگرین و هەرێمی کوردستانیش ژینگەیەکی لەباری بۆ وەبەرهێنان هەیە.
سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە کردنەوەی کونسۆڵگەریی قەتەر لە هەولێر ڕێزو پێزانینی بۆ میری قەتەر دەربڕی و هیوای خواست لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش پەیوەندییەکانی هەولێر و دەوحە زیاتر پەرە بستێنن و "کردنەوەی کۆنسوڵخانەی گشتیی قەتەر هاوکار و یارمەتیدەر لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵی و کلتووری و خوێندنی باڵادا".