سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە داڤۆس لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شەیاع سودانى، ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بەڕێز جەیک سولیڤان کۆبووەوە، ئەمەش لە پەراوێزی بەشداریکردنی بەڕێزیاندا لە 54ەمین خولی کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر دەستپێکردنی کارەکانی لیژنەی دوو قۆڵی تایبەت بە پێداچوونەوە بە بوونی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە عێراق کە لە میانەی سەردانەکەی وەزیری بەرگری بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتنی لەسەر کرا، هەروەها تاوتوێی خشتەی کات کرا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان و هەنگاونان بەرەو پەیوەندییە دوو قۆڵییە گشتگیرەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماندا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بانگهێشتنامەیەکی سەرۆکی ئەمەریکا کرا بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەردانیکردنی ئەمەریکا و ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراو لە نێوان تیمی هەردوو سەرۆکەکەدا.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا سودانی جەختی لە ڕەتکردنەوەی هەر کردەوەیەک کرد کە دەبێتە هۆی پێشێل کردنی سەروەریی عێراق و وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ، بەتایبەتی ئەو هێرشەی ئەم دواییە کە لە بەغداد ڕوویدا، لە هەمان کاتدا جەختی لە پەرۆشی حکومەت کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو بنکانەی کە ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان تێدایە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەو گرژییە کرد کە ناوچەکە تێیدا تێپەڕ دەبێت بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕی دوژمنکارییەوە بۆ سەر غەزە و جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیری ناوچەکە و هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی فراوانبوونی ململانێکان لە ڕاگرتنی ئەو شەڕی جینۆسایدەوە دەست پێدەکات کە ڕۆڵەکانی گەلی فەڵەستین دەکاتە ئامانج لەگەڵ پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا و دووپاتی کردەوە کە پێویستە کار لەسەر هەموو ئەو شتانە بکرێت کە مافی فەڵەستینییەکان مسۆگەر دەکات بۆ ئەوەی بە شکۆمەندی لەسەر خاکەکەیان بژین.