ئەکسیۆسی ئەمریکی ناوەڕۆکی نامەکەی ترەمپ بۆ خامنەیی ئاشکرا دەکات
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرایدەکات، ترەمپ لە نامەکەیدا بۆ خامنەیی، مۆڵەتی دوو مانگی بە رێبەری باڵای ئێران داوە بۆ رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی و هۆشداریی توندی پێداوە لە بەردەوامیدان بە پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان.
ئەکسیۆس لەزارى سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ناوەڕۆکی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ئاشکراکردووە و بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ لەلایەک پێشنیازی دانوستانێکی نوێی کردووە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی، لەلایەکی دیکەشەوە هۆشداریی داوە لە رەتکردنەوەی دەستپێشخەرییەکەی و بەردەوامبوونی تاران لە پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
بەگوێرەى ئەو سەرچاوانە، ترەمپ لە نامەکەیدا نووسیویەتی "دانوستانێکی کراوەی ناوێت"، هەروەها پێش رادەستکردنی نامەکەی بە ئێران، کۆشکی سپی، ئیسرائیل، سعودیە و ئیماراتی لە ناوەڕۆکی نامەکە ئاگادارکردووەتەوە.
ئەوەی رووننەکراوەتەوە تاوەکو ئێستا ئەوەیە، مۆڵەتە دوو مانگییەکەی ترەمپ لە ساتی دەستپێکردنی نامەکەوە بە خامنەیی دەستپێدەکات، یاخود پاش دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانە.
دوو هەفتە لەمەوبەر، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرایکرد، نامەیەکی بۆ خامنەیی ناردووە و داوای دانوستانی راستەوخۆی لێکردووە لەبارەى بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، نامەکەی ترەمپی دایە سەرۆکی ئیمارات، تاوەکو رادەستی بەرپرسانی ئێرانی بکەن.
بۆ رۆژی دواتر، ئەنوەر قرقاش، راوێژکارى دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات، گەیشتە تاران و نامەکەی ترەمپی رادەستی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرد.
