گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییەکی بێوێنە لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات
رێکخراوی کەشناسی جیهانی رایگهیاند، قەیرانی کەشوهەوا هەڕەشەی پێچەوانەکردنەوەی پێشکەوتنی دەیان ساڵەی ههیه و گۆڕانی کەشوهەوا "مەترسییەکی بێوێنە" لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات، حکومەتەکانیش ئامادەنین كار بۆ راگرتنی بكهن. رێکخراوی کەشناسی جیهانی له راپۆرتێكدا باسی لهوهكردوه، "سێ لەسەر چواری دەزگا نیشتمانییەکانی کەشناسی داتای کەشوهەوا دەنێرن بۆ بەرپرسانی تەندروستی وڵاتەکانیان، بەڵام لانیکەم یەک لە هەر چوار وەزارەتی تەندروستی ئەو زانیاریانە بەکاردەهێنن بۆ پاراستنی خەڵک لە مەترسییەکانی وەک گەرمای زۆر".
مادلین تۆمپسۆن، بەرپرسی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و گونجاندن لە رێکخراوی خێرخوازی وێڵکۆم، رایگهیاند، "گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییەکی بێوێنە لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات و زۆرێک لە وڵاتان لە ئێستاوە ناچارن مامەڵە لەگەڵ کاریگەرییە جددییەکانی تۆمارکردن بکەن، بەڵام زۆربەیان ئامادە نین كار بۆ راگرتنی بكهن".
لە راپۆرتەکەدا کە رێکخراوی کەشناسی جیهانی لەگەڵ زیاتر لە 30 دامەزراوەی هاوبەشدا ئامادهی كردوه، تێیدا دەرکەوتوە، "هەرچەندە کەشوهەوای گەرم زیاتر لە هەمو جۆرەکانی دیكهی کەشوهەوای توندبوه و خەڵک دەکوژێت، بەڵام شارەزایانی تەندروستی تەنها توانیویانە دەستیان بە خزمەتگوزاری ئاگادارکردنەوەی گەرما بگات، لە نیوەی ئەو وڵاتانەی زیانیان بەرکەوتوە".
زانایان هۆشدارییان داوە لهوهی بەهۆی قەیرانی کەشوهەوا شەپۆلی گەرما، گەرمتر و درێژتر دەبێتەوە، لە ئێستادا جیهان 1.2 پلەی سەدی لە ئاستی پێش پیشەسازی گەرم بوە، بەڵام پلەی گەرمی پێوانەیی ئەمساڵ زانایانی توشی سەرسوڕمان کردوە.
پرۆفیسۆر پێتێری تالاس، سکرتێری گشتیی رێکخراوی کەشناسی جیهانی رایگەیاند، "بە شێوەیەکی کردەیی هەمو هەسارەکە ئەمساڵ شەپۆلی گەرمای بەخۆیەوە بینیوە، دەرکەوتنی ئەلنینۆ لە ساڵی 2023 ئەگەری شکاندنی ریکۆردەکانی پلەی گەرمی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، ئەوەش گەرماییەکی زۆر زیاتر لە بەشێک لە بەشێکی زۆر لە جیهان و لە ئۆقیانوسەکاندا دههێنێت، ئەوەش تەحەداکە گەورەتر دەکات".
لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی گیانلهدهستدان، رێکخراوی کەشناسی جیهانی و نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسی کارەسات سەرکردایەتی هەڵمەتێکیان کردوە بۆ دابینکردنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ هەمو مرۆڤەکانی سەر هەسارەکە تا ساڵی 2028.