ڕۆژنامەیەک نیگەرانی تورکیا لە بردنەوەی یەکێتیی لە پارێزگای کەرکووک ئاشکرا دەکات
ڕۆژنامەی عەرب لەبارەی بردنەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە زۆرینەی دەنگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە پارێزگای کەرکووک، نیگەرانی تورکیای لەم باریەوە ئاشکرا کرد و هەوڵی تورکیا بۆ کەمتر کردنی پەیوەندی یەکێتیی و بەدەستنەهێنانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، "تورکیا زۆر نیگەرانە لە ڕادەستکردنی حکومەتی ناوخۆی کەرکووک بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە وای لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) کرد لە ماوەیەکی کورتدا دوو جار سەردانی عێراق بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان، لەوانە مەسعود بارزانی، بۆ هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی کاریگەری یەکێتیی لە پارێزگای کەرکووک".
هەروەها هاتووەش کە "ئەم گرژییە بەهۆی پێشکەوتنێکی گەورە لە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی کە سەرکردایەتییەکەی حيزبەکە نەرمییەکی گەورەی نیشانداوە لە هاوکاریکردنی دەسەڵاتدارانی تورکیا لە چەند بوارێکدا، کە لە هەمووی گرنگتر ئەو شەڕەیە کە هێزەکانی تورکیا دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی دەدەن".
هەروەها رۆژنامەی عەرەب دووپاتیکردەوە کە "دوای سەردانەکەی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بۆ مەسعود بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان گفتوگۆکانی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕاگرت بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دوای فشارەکانی تورکیا بۆ سەر پارتی".
ڕۆژنامەکە جەختیکردەوە کە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن لەدوای سەردانی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێنی لێ وەرگرت کە هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەکات.