وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا نیکۆڵ پاشینیان ڕۆژی یەکشەممە (28ـی نیسانی 2024) پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ پێشکەوتنی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی هەمیشەیی.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماتیو میلەر لە بەیاننامەیەکدا کە لەسەر ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاند، بلینکن دووپاتی کردەوە ئەمەریکا پێشوازی لە ڕێککەوتنەکەی ئەرمینیا و ئازەربایجان دەکات بۆ بەکارهێنانی جاڕنامەی (ئەلما-ئەتا) وەک بنەمایەک بۆ نەخشاندنی سنوور لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بلینکن ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمەریکا کرد بۆ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەرمینیا.