وێنەیەک لەگەڵ ئارین مەسرور بارزانی دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی گەنجێک لە کارەکانی
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چالاکوانێکی کورد کە دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە بە ناوی ئاکۆ ڕەشید لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک وێنەیەکی لەگەڵ ئارین مەسرور بارزانی، کوڕی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و لەسەر وێنەکە نوسیبووی "لەگەڵ برام لە لەندەن".
ئەم وێنەیە لەلایەن چالاکوانان و پەیجەکانی ئۆپۆزسیۆن بڵاوکرایەوەو بووە هۆی مشتومڕ کە گوایە چالاکوانی ناوبراو لە ڕێکخراوەی داکۆک کە پاڵپشتی لە ئازادی و وەک ڕێکخراوەیەکی ئۆپۆزسیۆن بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان چالاکە لە بەریتانیا کاردەکات و دەڵێن، ئەم چالاکوانە بە کەیسی سیاسی و بە هۆکاری ڕاوەستانی دژ بە حکوومەتی کوردستان مافی مانەوەی لە بەریتانیای پێدرا کەچی لەگەڵ ئارین مەسرور بارزانی کوڕی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کاردەکات.
لەدوای ئەو هەموو مشتومڕە، ڕێکخراوەی داکۆک بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەو ئەندامەی لە ڕیزەکانی دوورخستە بەهۆی وێنەی لەگەڵ ئارین بارزانی و لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دەستەی کارگێڕی ڕێکخراوە بە پێویستی زانی ئەندام (ئاکۆ ڕەشید) لە ڕێکخراوەی داکۆک دووربخاتەوە، لە ئەمڕۆوە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئێمەوە نەماوە.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هۆکاری دوورخستنەوەی ئەم گەنجە وێنە گرتنیەتی لەگەڵ ئارین مەسرور بارزانی و بڵاوکردنەوەی لە یەکێک لە ئەکاونتەکانی خۆی لە تۆڕی سۆشیەل میدیا، کە تێیدا بە شانازییەوە بە براکەم وەسفی کردوە.
ڕێکخراوەی داکۆک ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەکاتێکدا ئێمە شەڕی ئازادبوونی تاک دەکەین پێمان خۆشە گەنجەکانمان بەدوور بن لەو (کۆیلایەتیە)ی کە دەسەڵاتدارانی شکست خواردووەکەی هەرێم مەبەستیەتی و کاری بۆ دەکات، ئەمەش لەڕێگەی ئەو چالاکییانەی کە دەیکەین لێرە لە ووڵاتی بەریتانیا، هەر بۆیە ڕێکخراوی داکۆک بە پێویستی دەزانێت ئەو کەسانە لە ئەندامێتی دووربخاتەوە.
وە لە لایەکی ترەوە ئەندامانی ئێمە، دەبێت لەکاتی بینینی هەریەک لەو کەسانەی، کە سەر بە دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدارن لە باشووری کوردستاندا، بونەتە هۆکاری سەرەکی گەشتی بە لێشاوی گەنجانمان بە ئەرکی سەرشانی خۆی بزانێت شەرمەزار و (هێلکە بارانی) بکات نەوەک وێنەی لەگەڵ بگرێت.
لەبەرامبەریشدا، ئاکۆ ڕەشید کە خۆی وەک چالاکوانێکی کورد لە بەریتانیا نیشان دەدات، هیچ ڕوونکردنەوەی لەبارەی بڵاوکردنەوەی وێنەی لەگەڵ ئارین مەسرور بارزانی نەدا و دوورخستەوەی لە ڕێکخراوەی داکۆک.