عەزم: ئەستەمە سوننەکان یەک کاندید بۆ پەرلەمانی عێراق پێشکەش بکەن
حەیدەر موللا، سەرکردە لە هاوپەیمانی عەزم، ڕایگەیاند پرسی هەڵبژاردنی کەسایەتیەک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە ئێستادا ئەستەمە و ماڵی سونەش ناتوانێت یەک کاندید پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بکات.
موللا بە ئاژانسی "موتەڵع" ی راگەیاند " لە ڕاستیدا زیاتر لە کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک پەرلەمان دەبێت و کێشەکە لە ئێستادا قوڵبوەتەوە و ماڵی سوننە ناتوانێت تەنها کاندیدێک پێشکەش بکات بۆ مەبەستی دەنگدان لەسەری." ئاماژەی بەوەشکردووە، "هاوپەیمانێتی عەزم کاندیدێکی هەیە ئەویش موسەنا سامەڕائیە و پاڵێوراوی هاوپەیمانی قیادەش، سەلیم ئەلعیساوی یە." ئاماژەی بەوەشکرد، "هێزە سیاسییەکان مافیان بە حەلبووسی داوە کە کەسایەتییەکی جێگرەوەی لە حیزبی تەقەدوم دیاری بکات و هێزە سیاسییەکانی دیکەش هێشتا چاوەڕێی پاڵێوراوەکەن."
موللا وتیشی، "ناوی کاندیدەکان، ئەگەر تەواو بن، لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکەی سوننە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەسەر ڕێککەوتنەکە بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."