سەرۆک کۆمار وسەرۆکی میسر پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان ئاڵوگۆڕ دەکەن
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ چوارشەممە 10-4-2024 بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی رەمەزانەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەعەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی کۆماری عەرەبی میسرەوە پێگەیشت. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پیرۆزبایی جەژنی پیرۆزی رەمەزانیان ئاڵوگۆڕ کرد و هیوایان خواست هەردوو گەلی عێراق و میسر لە خۆشگوزەرانی و بەختەوەری زیاتردا بژین.
هەروەها باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و ستایشی پێشکەوتنی پەیوەندییەکانیان لە زۆرێك لە بوارەکاندا کرد، هەروەها تەئکیدیان لە گرنگی درێژەدان بە کارکردن بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیانە کردەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی برا.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، رەوشی کارەساتباری گەلی فەڵەستین بەهۆی پەلاماری دوژمنکارانەی سەر کەرتی غەززە تاووتوێکرا و تەئکیدکرایەوە لەسەر گرنگی راگرتنی دەستبەجێی جەنگ و هەروەها پێشکەشکردنی پشتیوانی و پاڵپشتی بە گەلی فەڵەستین و مسۆگەرکردنی سەرجەم مافەکانی.