سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە ڕیازی پایتەختی وڵاتی سعودیە
سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیانی ئەمرۆ یەکشەممە گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعودیە.
مەحەممەد شەیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیانی ئەمرۆ یەکشەممە (28ـی نیسانی 2024) گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعودیە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی کە بڕیارە ئەمڕۆ لە سعودیە ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بەم سەردانە، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆک وەزیران مەحەممەد شەیاع سودانی گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعودیە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لەسەر بانگهێشتی شازادەی جێنشینی سعودیە مەحەممەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووەش، لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا کە لەلایەن شانشینی سعودیەوە میوانداری دەکرێت لەژێر ناونیشانی "هەماهەنگی نێودەوڵەتی و گەشەکردن و وزە بۆ پەرەپێدان"، سەرۆک وەزیران زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی وڵاتان و سەرۆکەکان و نوێنەرانی کۆمپانیا گەورەکانی نێودەوڵەتی تایبەت بە بواری وزە و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ ئەنجام دەدات.