براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لەزیندانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە
نێرگز محەمەدی رۆژنامەنوس و چالاکوانی ئێرانی تەمەن 51 ساڵ، لە دوای ئەوەی بوە براوەی خەڵاتی نۆبڵ، نامەیەکی لە زیندانەوە دزە پێکرد و سوپاسی لیژنەی نۆبڵی نەرویجی کرد، هەروەها لەسەر یاسای باڵاپۆشێ زۆرەملێ رەخنەی لە کۆماری ئێران گرت و رەخنەی توندتری ئاڕاستەی کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کرد.
نامەکەی نێرگز محەمەدی لە رێگەی کچە تەمەن 17 ساڵەکەیەوە گوازرەیەوە کە وەک پەنابەر لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزانی نێرگز لە فڕەنسا دەمێننەوە، لە بەشێکی دیکەی نامەکە هاتوە، "باڵاپۆشی زۆرەملێ سەرچاوەی سەرەکی کۆنتڕۆڵکردنی هەژمونی کۆمەڵگایە، ئامانجی ئەو یاسایەش پاراستنی حکومەتی ئاینی و گرەنتیکردنی بەردەوامبونیەتی".
ئەوەشخراوەتەڕو، ماوەی 45 ساڵە حکومەتی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران بێبەشکردن و هەژاری خەڵکی لە کۆمەڵگای فارسیدا بڵاوکردوەتەوە، حکومەتێک کە بە درۆ و فێڵ و قاچاخ دروست بوە، حکومەتێک کە بە بەکارهێنانی سیاستە دوژمنایەتییەکەی هەڕەشەی لەسەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان دروستکردوە.
نێرگز محەمەدی لە روخسارە سیاسیە دیارە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانە کە پشتیوانی لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەکات، کە بۆ یەکەمین جار لە دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی بە ئێراندا تەشەنەی کرد.