ئارمیتا گەراوند دوای 28 رۆژ بێهۆشی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا
ئارمیتا گەراوەند، قوتابیی تەمەن 17 ساڵی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای 28 رۆژ بێهۆشی، بەیانیی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا. ئارمیتا لە کاتی چوون بۆ قوتابخانە لە میترۆی تاران باری تەندروستی تێکچووبوو.
ماڵپەڕی ئیرنا، زمانحاڵی حکومەتی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، بڵاوی کردەوە، "هەوڵە پزیشکییەکان بۆ ئارمیتا گەراوەند سەرکەوتوو نەبوون. ئەو هاووڵاتییە دوای 28 رۆژ چاودێری، لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لە دەستدا."
ئیرنا دەڵێت، "ئارمیتا لە کاتی سەرکەوتن بۆ میترۆی تاران لەناکاو گوشاری خوێنی دابەزیوە و بەو هۆیەوە کەوتووە و پشتی سەری بەر لێوارێکی تیژی نێو شەمەندەفەرەکە کەوتووە. کەوتنەکەی هێندە تووند بووە کە دڵی بەشێوەی کاتی وەستاوە."
بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە زاری کەسانی نزیک لەو کچە قوتابییەوە دەڵێن، پۆلیسی رەوشتی تاران بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشییەوە لە میترۆی تاران لەو کچە قوتابیەیان داوە و پاڵیان پێوە ناوە.
دوای تێکچوونی تەندروستی، ئارمیتا گەراوەند گوێزرایەوە نەخۆشخانەی فەجری تاران، کە نەخۆشخانەیەکی سەربازییە.