23 ساڵ بەسەر ژیانئاوایی هونەرمەندی کورد ئەحمەد کایا تێدەپەڕێت ... زیاتر کایا بناسە
ئەمڕۆ پێنجشەممە (16ـی تشرینی دووەمی 2023)، 23 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد، ئەحمەد کایا تێدەپەڕێت.
هونەرمەند ئەحمەد کایا لە ئاداری ساڵی 1999، کاتێ خەلاتی باشترین گۆرانی ساڵ لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی وەردەگرێ، دەڵێت: "من گۆرانییەکی کوردیم لە ناو ئەلبومە نوێیەکەم داناوە، چونکە من کوردم، گومانم نییە گەلێ کۆمپانیای مۆسیقا حەز دەکەن ئەلبومە تازەکەم بڵاوبکەنەوە، تورکیا گرفتێکی ھەیە بەناوی کوردستان، لە بەرئەوە من ھەرگیز لە باسکردنی ئەم گرفتە بۆ ئەوانەی دان بەراستیدا نانێن ماندوو نابم".
دوای تەواو بوونی ئەم قسانەی هونەرمەنی کۆچکردوو، چەند ھونەرمەندێکی تورک ھێرشیان کردە سەری و دروشمی (خاین - بڕۆ دەرێ)یان دووبارە کردەوە، هەروەها خەڵاتەکەی لێ سەندراوە.
هونەرمەندی ناوداری باکووری کوردستان، ئەحمەد کایا هەرچەندە زۆربەی گۆرانییەکانی بە زمانى تورکی بووە و تەنها یەک گۆرانی بە کوردی هەیە، بەڵام زۆربەی گۆرانییەکانی باس لە خەباتی مرۆڤ و سەربەرزی چیاکان و ئاوەدانکردنەوەی لادێکان و پاڵپشتی کردنی هەژاران و ئازادی دەکات.
ئەحمەد کایا، هونەرمەند و مۆسیقاژەن و ئاواز دانەر لە 28ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە شاری مەلدیی لە باکووری کوردستان لەدایکبوو و کایا لە تەمەنی شەش ساڵییەوە خەریکی مۆسیقا بووە.
کایا لە ساڵی 1985 یەکەمین ئەلبوومی خۆی بە ناوی "مەگری کۆرپەکەم" بڵاو کردەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شێوازەکەی شێوازێکی نوێ بوو و ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانە بوون، ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادە نەبوو ھاوکاری بکات، ھەرچەندە ئەمە نەبووە ھۆکاری ساردبوونەوەی و بەھاوکاری دۆستەکانی یەکەمین ئەلبوومی خۆی بڵاوکردەوە، بەڵام حکوومەتی تورکیا ئەلبوومەکەی قەدەغە کرد.
لە ڕێککەوتی 16ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2000 لەشوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە تەمەنی 43 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس "پیرلاشیز" بەخاک سپێردرا.
لەدوای کۆچی دوایی حکومەتی تورکیا چەندین جار داوایکردووە، گۆڕی هونەرمەند ئەحمەد کایا بگوازرێتەوە تورکیا و پێشتر خێزانی هونەرمەند ئەحمەد کایا وتویەتی: "تا لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا بە کوردی گۆرانی نەوترێ دەمەوێت مەزاری کایا لە فەرەنسا بێت".